مامەڵەی باش شتێكی ئاسایی و سادە نیە لە ئاییندا، بەڵكوو تەعبیرە لە تەوەرەی عیبادەت و هۆكاری پێشكەوتنە، هەروەها هۆكارێكە بۆ پاككردنەوەی دەروون لە پیسی و گومانی خراپ و بوغز، خوای گەورە عەقیدە وەك مەرجەعییەتێكی ئەخلاقی باس دەكا و ئەخلاقیش دەكاتە ئامانجی عیبادەت، خوای گەورە دەفەرموێت [إِنَّ الصَّلَاةَ تَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاءِ وَالْمُنْكَرِ]واتە: بەڕاستی نوێژ بەرهەڵستی لە گوناهـ و تاوان و خراپەكاری دەكا، دەربارەی زەكاتیش دەفەروێت [خُذْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ صَدَقَةً تُطَهِّرُهُمْ وَتُزَكِّيهِمْ بِهَا] واتە: لە هەندێ ماڵ و سامانی ئەو (ئیماندارانە) زەكات و خێر وەربگرە، چونكە دەبێتە هۆی خاوێنكردنەوەی ماڵەكانیان و پاككردنەوەی دڵ و دەروونیان. جەختیشی لەسەر ئەوە كردووە كە ئەخلاق بنەمای دروستبوونی شارستانییەتە جیهانییەكانە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا مەترسییەكان لەسەر ئەم شارستانییەتە نوێیە ئەخلاقیات و مامەڵەی مرۆڤ دۆستانەیە، ئەمەش جۆرەها قەیرانی بۆ كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دروست كردووە، ئەویش لە زاڵكردنی بەرژەوەندی بەسەر ئەخلاقی مرۆڤدۆستانەدا.

بەرپرسیارێتی گەشەپێدانی ئەم هەڵسوكەوت و مامەڵە باشانە، هەندێكی دەكەوێتە سەر تاك و هەندێكی تریش سەر كۆمەڵا یان دەوڵەت، بەڵام بە پلەی یەكەم بەرپرسیارێتییەكە دەكەوێتە سەرشانی دایك و باوك، خوای گەورە دەفەرموێت [يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا قُوا أَنفُسَكُمْ وَأَهْلِيكُمْ نَارًا] واتە: ئەی ئەو كاسانەی كە باوەڕتان هێناوە خۆتان و كەسوكارتان بپارێزن لە ئاگرێك كە سووتەمەنیەكەی خەڵك و بەردە. پاشان وتی بەرپرسیارێتی یەكەم دەكەوێتە سەر خێزان، لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی هاوسەری چاك یەكەم بەردی بناغەی دروستكردنی خێزانە و پاشان خستنەوەی نەوەی چاك، لەدوای ئەوەش قوتابخانە و پێشەوای مزگەوت و مامۆستا و چین و توێژەكانی تر، لەسەر هەمووشیانەوە دەوڵەت بەرپرسیارە لە ڕێگەی دامەزراوەكانیەوە پلانی هەبێ بۆ ئاڕاستەكردنی هەموو چین و توێژەكان بۆ چاكەكاری و خزمەت و لێبووردەیی و پەروەردەكردنی هاوڵاتی چاك.

لە كاردا و ئەنجامدانی عیبادەتەكان بەشێكە لە ڕەوشت، چونكە چڵەپۆپەی ڕەوشت چاكەكاریە (احسان) واتە بەجۆرێك خوا بپەرستی كە دەیبینیت، ئەگەر تۆ ئەو نەبینی ئەو تۆ دەبینێت، پاشان وتی عیبادەت دەبێ لە مامەڵەدا ڕەنگ بداتەوە، هەتا یەكێك ئیمانی بەهێز بێ ئەخلاق و مامەڵەی جوانتر دەبێ و دەروونی پاكتر و دڵی چاكتر و خاوێنتر دەبێ، پاشان وتی ئەگەر یەكێكتان بینی ئەخلاق و مامەڵەی خراپ بوو، ڕق و بوغزی هەبوو، شەڕەنگێز و تووڕە بوو، چروك و لێبوردە نەبوو، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە كە ئیمانی لاوازە و عیبادەتەكانی كاریگەری لەسەر ئەخلاقی نەبووە و بەمەش كردەوەكانی شایەتی نادەن لەسەر باوەڕ و عەقیدە و ئیمانەكەی.

 

د. عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی موسوڵمان و سەرۆكی ڕێكخراوه‌ی ڕابیتەی مرۆیی